هاوپۆل: فیلمی کارتۆن

فلاپ جاک
فلاپ جاک

گەشتێکی دەریاوانی کۆمیدی منداڵێکی ژیکەلەی ڕوح سووک و خوێن گەرمە لەگەڵ مامۆستاکەی کە کاپتنی چەتە دەریاییەکانە هەروەها نەهەنگێکیشیان لەگەڵە بە ناوی (فلاپ جاک) کە لە بێچووییەوە بەخێویان کردوە و توانای قسەکردنی هەیە. نەهەنگە قسەکەرەکە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانە ناوازەکەی (گەشتە پڕ سەرگەرمیەکانی فلات جاک)ـە.

ئەو منداڵە ژیکەڵە و بچکۆڵانەیە خەڵکی بەندەری (ستۆرمالۆنگ)ـە, خەونی گەورەی ئەوەیە ببێتە گەشتیارێکی مەزن. ئاواتەخوازە بە یارمەتی هاوڕێکەی (کاپتن نوکڵز) خەونەکانی بکاتە ڕاستی, بێ ئاگا لەوەی (نوکڵز) ئەو کەسە لێهاتووە نیە بۆ بابەتێکی لەمجۆرە پشتی پێ ببەستیت.

گەمبۆڵ
گەمبۆڵ

وەرنە لای (گەمبۆڵ) و (داروین) و (خێزانی واتەرسۆن) و سەرجەم ئەندامانی تری ئەم باندە بۆ ئەوەی کاتێکی یەکجار خۆش بەسەر بەرن. (داروین) کە باشترین هاوڕێ و برای شیری (گەمبۆڵ)ـە لەگەڵ خوشکە ناوازەکەی بەناوی (ئەنایس) هاوەڵی ئەو دەکەن و هەوڵی زۆر دەدەن کێشەکان بە یەکەوە چارەسەر بکەن.

بێگومان هەمیشە چەندین کێشە و ڕوداوی سەیر هەن کە لە (ئیلمۆر) ڕوودەدەن.  (نیکۆڵ) دایکە ماندوو نەناسەکەی گەمبۆڵ و (ریچارد واتەرسۆن)ی باوکی کە کەمێک تەمبەڵە ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بەرامبەر ئەو کێشەو ڕوداوانە بکەن تەنها مەگەر شۆک بوونی خۆیان دەربخەن.

مەڕەکە… (شان)
مەڕەکە… (شان)

(شان) ئەو مەڕە نازدارە بانگهێشتمان دەکات سەردانی کێڵگەکەی بکەین…. (شان) مەڕێکی ناوازە و زیرەکە, لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ لە کێڵگەیەکی بچووک ژیان بەسەر دەبەن.

لە هەر ئەڵقەیەک, (شان) هەوڵ دەدات ژیانە بێزارکەر و پڕ لە دووبارەبوونەوەکە بگۆڕێت بۆ ژیانێکی پڕ لە چێژ و خەندە و پێکەنین, دیمەنەکان هەمیشە دەبنە هەڵاتنێکی خۆش. بە کورتی, هەمیشە و بەردەوام لەناو کێڵگەکەی (شان) خۆشی و سەفا هەیە.

کاتی فێربوون لەگەڵ تیمی
کاتی فێربوون لەگەڵ تیمی

بەشدار بە لە چاڵاکیەکانی تیمی و هاوڕێکانی بۆ ئەوەی فێری ووشەی نوێ بیت.

ئەم زنجیرە فێرکاریە سودبەخش و چێژبەخشە لە لایەن (ئاردمان) و (بریتیش کانسیل – British Council) پەرەی پێدراوە .

جیهان چاوەڕێی ئەوەیە فێری زمانی دایک بین.

مام باپیر
مام باپیر

مام باپیر باس لە بوونەوەرێکی ئەفسوناوی دەکات کە لە ڕێگەی کێشەکان یارمەتی منداڵ و هەرزەکار و ئاژەڵ و گەورە وتوێژەکانی تردەدات ئەمەش لە ڕێگەی بەشداری پێکردنیان لە گەشتێکی پڕ لە سەرگەرمی.

هەندێکجار مام باپیر و هاوڕێکانی هەر بە خۆیان گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی ساز دەکەن.

برێندا – کچە زیرەکەکە
برێندا – کچە زیرەکەکە

برێندا – کچە زیرەکەکە باس لە چیرۆکی کچێکی ژیر و زیرەک دەکات. ئەم کچە ژیکەڵە و زیرەکە باسی کۆمەڵێک پرۆسەی (ریسایکلین/دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاک) دەکات بۆ منداڵان,  وەک چۆنیەتی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو هەروەها چۆن جەستەمان کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.

چیرۆکی دوو خولەکی
چیرۆکی دوو خولەکی

بە پشت بەستن بە چیرۆکە ئەفسوناویەکانی (گریم) کە بۆ زۆربەمان دڵخۆشکەرە. چیرۆکی دوو خولەکی چیرۆکە کلاسیکیە کۆنەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە و مۆدێرن دەگێڕێتەوە. ئەم زنجیرە چیرۆکانە پاڵنەرە بۆ چاڵاک کردنی هزری لاوان, هەروەها هانی منداڵان دەدات چەمکە بنەڕەتەکانی ئەدکار و ڕەوشتی باش بناسن و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا بکەن, هەر لە هەمان کاتیشدا هەوڵدەدات هەستی سەرسوڕمان و سەرنج لە دەست نەدات, ئەمەش وادەکات چیرۆکە نەریتیەکان بە زیندویی بمێننەوە.

دەی منداڵە چاو گەشەکان, ئێوەش وەرنە ناو قوڵایی چیرۆکە ئەفسوناویەکان و شتی تازە و سەرنج ئامێزی ناو چیرۆکە کلاسیکیەکان بدۆزنەوە, دڵنیایین دڵی هەموو لایەکمان خۆش دەکات.

مەیموون لەگەڵمە لە هۆڵی وەرزش
مەیموون لەگەڵمە لە هۆڵی وەرزش

هەڵەکردن لە نووسینێک (ئادەم لیۆن) ی تەمەن ١٢ ساڵان دەنێرێتە قوتابخانەیەکی ئامادەیی بۆ ئاژەڵان لە یەکێک لە باخچەکانی ئاژەڵان, بەڵام باشترین هاوڕێی (ئادەم) مەیموونێک دەبێت بە ناوی (جەیک).

لە سەرجەم هەوڵ و هەنگاوەکان, (جەیک) یارمەتی (ئادەم) دەدات بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنێت.

ئەندێشەی زانستی
ئەندێشەی زانستی

ئەندێشەی زانستی بەرنامەیەکی پەروەردەیی-کات بەسەر بردنە,  لە ڕێگەی وێنەی  2D/3D و بووکەڵە ناوەرۆکی بەرنامەکە پێشکەش دەکرێت و وەڵامی هەندێک لە پرسیارە گرینگەکان دەداتەوە, وەک (کەی درەوشانەوەی خۆر کۆتایی دێت؟)

هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارانەش دەداتەوە کاتێک منداڵان لە یاریگا لە یەکتر دەپرسن وەک (چی ڕوو دەدات ئەگەر بووکی دەریا گازم لێ بگرێت؟ ئایا میزی پێدابکەم؟).

بە شێوەیەکی خەندە ئامێز و سادە و خێرا وەڵامی ئەمجۆرە پرسیارانە دەدرێتەوە.

بارستە ژمارەکان
بارستە ژمارەکان

لە ناوچەیەک  پێی دەوترێت (نەمبەرلاند), ماتماتیک و بیرکاری چێژێکی ناوازەمان پێدەبەخشێت بەتایبەتی کاتێک دەبینین چەندین بارستە ژمارەی بەختەوەر بە یەکەوە یاری دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

ژمارەیەک هاوڕێی کارتۆنی هەن یەکتریان خۆش دەوێت وهەمیشە هاوکاری یەکتر دەکەن و پشت بە یەکتر دەبەستن.

ئەم هاوڕێیانە لە ڕێگەی بارستە ڕەنگاوڕەنگەکان فێری هەژمار کردن و ژمارەکان دەبن , هەر یەک لەم بارستانە تایبەتمەندی خۆی هەیە, بەڵام هەرگیز بەمشێوە خەندە ئامێزە دەرنەکەوتوون.

مەنکی و ترانک
مەنکی و ترانک

مەیموونێکی ئازا و فزوڵی لەگەڵ فیلێکی دڵ گەورە بە یەکەوە لە دارستانێک دەژین, وەک ئەوەی منداڵان خەیاڵیان بۆی دەچێت! یاریگایەک هەیە لقی لاولاوەکان لەم شوێنە شۆر بوونەتەوە بۆ جۆڵانێ کردن شیاوە, هەروەها کوارگێکی گەورەش هەیە دەکرێ وەک شوێنی خۆ بازدان بەکار بهێنرێت, زۆربەی هاوڕێیان لەم دارستانە دەتوانن ئەم شوێنە بەکار بهێنن.

مەنگی و ترانک ئەو جیهانە دەدۆزنەوە کە دڵخوازی خۆیانە, لە گەشتەکەیان ڕووبەڕووی هەندێک مەترسی دەبنەوە بەڵام کۆڵ نادەن. ئەوان لەم جیهانە دۆزراوە کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن, لە گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی کۆمیدی هەڵدەستن بە یارمەتیدانی هاوڕێکان, یارمەتیەکانیان ڕاستگۆیانەیە و هەڵقوڵاوی ناخی دڵێکی پاکە و لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی ڕاستەقینە دامەزراوە.

 

زاخاوی مێشک
زاخاوی مێشک

زاخاوی مێشک بەرنامەیەکی پەروەردەیی-کات بەسەر بردنە,  لە ڕێگەی وێنەی 2D/3D و بووکەڵە ناوەرۆکی بەرنامەکە پێشکەش دەکرێت و وەڵامی هەندێک لە پرسیارە گرینگەکان دەداتەوە, وەک (کەی درەوشانەوەی خۆر کۆتایی دێت؟)

هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارانەش دەداتەوە کاتێک منداڵان لە یاریگا لە یەکتر دەپرسن وەک (چی ڕوو دەدات ئەگەر بووکی دەریا گازم لێ بگرێت؟ ئایا میزی پێدابکەم؟).

بە شێوەیەکی خەندە ئامێز و سادە و خێرا وەڵامی ئەمجۆرە پرسیارانە دەدرێتەوە.

 

 

ووسیوات
ووسیوات

ئەتەوێ (ووسیوات) بناسیت؟

ووسیوات گەمژەترین پشیلەیە, ئێمە دڵنیایین کە تاوەکو ئێستا گەمژەی وەک ئەوت نەبینیوە.

ئەم پشیلە و هاوڕێکانی کۆمەڵێک گەشتی پڕ لە سەرکێشی ئەنجام دەدەن و خەندەیەکی زۆر دەخەنە سەر لێوانی ئێوە و خێزانەکانتان.

ووسیوات لە هەڵەکردن ناترسێت چونکە لە ڕێگەی هەڵەکان فێری ڕاستیەکان دەبێت.

ماوەی (تیمی)یە
ماوەی (تیمی)یە

(تیمی) و هاوڕێکانی فێرمان دەکەن چۆن لە ڕێگەی کاری بە کۆمەڵ زاڵ بین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان. لە تەواوی ئەم وەرزە, دەبینین کە چۆن (تیمی) و هاوڕێکانی پێویستە بەشداری بە هاوڕێکانی بکەن و هەروەها هاوڕێی نوێ بدۆزنەوە, لە هەمووشیان گرینگتر چاوپۆشی لە هەڵەکانیان بکەن.

(تیمی) و هاوڕێکانی لەگەڵ دوو کوندەپەپو بەناوەکانی (هارییت) و (ئۆزبۆرن) گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی نوێ ئەنجام دەدەن.

ئەوان چاوەڕوانی ئێمە دەکەن تاکو بەشدار بین لە گەشتەکەیان. کەواتە دەی با بڕۆینە لای ئەم هاوڕێ ئازیزانە.

ماشا و ورچەکە
ماشا و ورچەکە

ورچێک, کە پێشتر لە سێرک کاری دەکرد و ئێستا خانەنشینە, دەچێتە دارستانێک بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێکی نوێ بکات و بە ئاشتی و ئارامی لەناو دارستاکە بژیت. لەناو دارستانەکە بە کچێکی بچووک ئاشنا دەبێت بە ناوی ( ماشا ). ئەم کچە حەزی لە گەشتی پڕ لە سەرکێشیە.

(ماشا) کچێکی بچکۆڵانەی چاڵاکە, ناتوانێت لە شوێنێک دانیشێت و ئۆقرەی نیە, بە خۆی سەرجەم کارەکان ئەنجام دەدات. ورچەکەش زۆر گەورە و زەبەلاحە, حەزی لە ئارامی و بێدەنگیە,بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە چاوەڕوانە (ماشا) گەشتێکی دیکەی پڕ لە سەرگەرمی ئەنجام بدات و ئەویش بەشدار بکات.

نیکیل و گەوەز
نیکیل و گەوەز

(نیکیل)ی فێڵباز و قارەمان کە هەرگیز وەستانی نییە پرسیار لە (گەوەز) ی کەمێک تەوەزل و کەمێک سادە دەکات, لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە ئاگادارین پرسیارەکان وەک پرتەی زمان و مەتەڵ وان.

مشتومڕێکی بەردەوام لە نێوان ئەم دوو کارەکتەرە هەیە, لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات دۆستایەتی نێوانیان بەهێزتر دەبێت.

لە هەر ئەڵقەیەک گەشتێکی پڕ لە سەرگەرمی نوێ و پاڵەوانی نوێمان دەبێت.

هاوڕێیان و دایک و باوکانی ئازیز, باشترین بەشی ئەم زنجیرە کارتۆنە ئەوەیە, تەواوی کارەکە بەرهەمی خۆمانە. دەبا بزانین ئێوەش بە قەد ئێمە چێژی لێوەردەگرن!

پییا
پییا

پێنج هاوڕێ بە ناوەکانی ( گیمگیم) و ( زینکا ) و ( لۆتێ ) و ( پێنۆ ) و ( سمۆرە ) لە دارستانێک دەژین. هەندێک جار کێشەیان لەگەڵ یەکتر دەبێت, بەڵام کێشەکانیان گەورە نییە.

ڕۆژانە ڕووبەڕووی کێشەی جیاواز دەبنەوە, بەڵام سوپاس بۆ کاری بە کۆمەڵ و ڕێزگرتن و خۆشەویستی نێوانیان کە وادەکات کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.

لێرەوە, ئەم بەرنامەش جارێکی تر پێمان دەڵێت, ئەگەر  لەگەڵ هاوڕێکانمان بە یەکەوە کار بکەین و یارمەتی یەکتر بدەین ئەوا دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.

(پییا) یەکەمین بەرهەمی ئەنیمەیشنی کوردیە کە بە شێوەی 3D کەناڵی Zarok TV بەرهەمی هێناوە.

پێنیک
پێنیک

هاوڕێ تازەکانمان (لیچۆ قۆقۆ) و (نەقورێ) و( عەلۆ و قازێ) بە خۆشی لە شوێنێک دەژین بەناوی (پێنیک). بەڵام تەمەنی خۆشبەختیەکەیان کورتە چونکە تاکە مەبەستی (سینگستار )  بێزارکردنی ئەم ئازیزانەیە, هەر بۆیە بڕیار دەدات سەردانیان بکات.

ڕۆژێکیان (سینگستار) , کە لە ناوچەیەکی بەردینی بەرزی ناو دارستانەکە دەژیت, دەچێتە ( پێنیک) بۆ ئەوەی هاوڕێ خۆشەویستەکانمان بترسێنێت, بەڵام (لیچۆ) زۆر ئازایە.

سەرجەم دانیشتوانانی (پێنیک) لە ڕووی (سینگستار) دەوەستنەوە. بینەوبەردەی مەترسیدار لە نێوانیان ڕوودەدات.

لە کۆتاییدا (سینگستار) داوای لێبوردن دەکات لەوەی کە دانیشتوانی (پێنیک)ی بێزار کرد.