هاوپۆل: فیلمی کارتۆن

واندا و بوونەوەرە ئاسمانیەکە
واندا و بوونەوەرە ئاسمانیەکە

هاوڕێکان چەندین شێوە و قەبارە و ڕوخساری جیاوازیان هەیە. واندا و بوونەوەرە ئاسمانیەکان زنجیرە فیلمێکی کارتۆنیە  گونجاوە بۆ قوناغەکانی پێش چوونە قوتابخانە, لە کتێبەکەی سو هێندرا وەرگیراوە کە زۆرترین فرۆشی هەبووە, باس لە هاوڕێیەتی ناوازەی بێ مەرج دەکات.

بوونەوەرێکی ئاسمانی گەنج کەشتیە ئاسمانیەکەی لە دارستانێک دەکەوێتە خوارەوە , شێوەی بوونەوەرە ئاسمانیەکە دەگۆڕێت بۆ کەروێشکێکی بچووک , ئیتر لێرەوە چیرۆکەکە خۆشتر و سەرنج ڕاکێشتر دەبێت. دوای ماوەیەکی کەم لە دوودڵی واندا و کەروێشکەکە دەبنە دوو لە باشترین هاوڕێکانی ئەم گەردوونە. بوونەوەرە ئاسمانیەکە توانایەکی ناوازەی هەیە کە وادەکات ببێتە کەسێکی تایبەت, ئەو دەتوانێت زەمەن ڕابگرێت بۆ ئەوەی شتە ئەفسوناویەکان لە دیدگای جیاوازەوە ببینرێن.

ترۆترۆ
ترۆترۆ

ترۆترۆ گوێدرێژێکی بچکۆڵەی بێزارکەری خوێن گەرمە.

هەموو دەرفەتەکان دەقۆستێتەوە بۆ ئەوەی چێژیان لێوەربگرێت.

ترۆترۆ زۆر بە سەرو بەر نیە بەڵام عەقڵێکی کراوەی هەیە, کەللـە سەری پڕ لە بیرۆکەیە .

پاڵەوانێکی روح سوکی خنجیلانەیە , بە ئاسانی شوێنی خۆی لە ناو دڵی منداڵان دەکاتەوە.

تۆم و لەتکە نانە بە دۆشاوی شلیک و هەنگوین
تۆم و لەتکە نانە بە دۆشاوی شلیک و هەنگوین

وەرە ناو دونیایەکی ئەفسوناوی کە ڕۆژەکان شانبەشانی یەکتر بە شێوەیەکی نائاسایی دەوەستن, لۆژیک زاڵ دەبێت بەسەر خەیاڵ. لە خەیاڵی مێشک تەنها یەک شت هەیە ئەویش بەدەستهێنانی لەتکە نانێکە بە دۆشاوی شلیک و هەنگوین. لەبەر ئەوەی تۆم چوست و چاڵاکە , چاوەڕوانی ئەوە ناکات ئەم ژەمە تامخۆشە لە ئاسمانەوە بەربێتەوە ناو دەمی, ئەو دەستپێشخەریەک دەکات. هەر کاتێک بیرۆکەیەکی باش بە مێشکی تۆم گوزەر بکات کارێک ئەنجام دەدات. ئەمجارەیان تۆم گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی ئەنجام دەدات. سواری بەرازەکە (میلەر) دەبێت و بەسەر مشکە چاوبرسیەکەی ناو شلیکەکان زاڵ دەبێت. کچێکی بچکۆڵانە فێری دەکات چۆن یاری کاغەز بباتەوە. تەنها شتێک کە دەتوانرێت پێشبینی بۆ بکرێت ئەو شتەیە کە ناتوانرێت پێشبینی ڕودانی بۆ بکرێت.

تۆم و جێری
تۆم و جێری

ئەو پشیلە و مشکەی کە هەمووان حەزی لێدەکەن, تۆم وجێری, جارێکی تر بە فلیمێکی کارتۆنی نوێ گەڕایەوە لامان.

ڕوخساری ئەمجارەی جلوبەرگ و شۆرتی تۆم و جێری کلاسیکیە بەڵام چیرۆکی ئەمجارەیان نوێیە.

تۆم ئەو پشیلەیە کە هەمیشە ڕاوەدووی مشکی ناو ماڵەکە دەنێت کە ناوی جێریە.

هیچ فێڵ و تەڵەیەک یاخود هیچ مەقلیەک ناتوانێت ڕێگە لە جێری بگرێت بۆ ئەوەی بگاتە خواردنە بە چێژ و بە لەزەتەکان.

ئێمە ورچی بێ تووکین
ئێمە ورچی بێ تووکین

ئێمە ورچی بێ تووکین زنجیرەیە فیلمێکی کارتۆنی نوێیە باس لە سێ برا دەکەن کە هەوڵ دەدەن خۆیان بگونجێنن و هاوڕێیەتی دەستەبەر بکەن, ڕەنگە ئەم کارە بۆ ورچێک سەخت بێت. بە تایبەتی کاتێک سیمای ورچی ئاسایی و پاندا و ورچی ناو سەهۆڵ لەدەست دەدەن. ئەوان ئەو کاتە تووکیان وون کرد کاتێک یاری چاوشلکێیان دەکرد. ئێستا ورچەکان پێویستیان بە یارمەتی ئێوەیە بۆ ئەوەی تووکەکەیان بدۆزنەوە. دەیانەوێ تووکی جارانیان بەدەست بهێننەوە. پانداکە ئامادەیە بە نرخترین شتی خۆی بکاتە دیاری ئەویش مۆبایلەکەیەتی.  زنجیرە کارتۆنی ورچە بێ تووکەکان لە دەست خۆت مەدە, بینەر بە لە تەلەفزیۆنی Zarok TV.

هێرپۆرت
هێرپۆرت

هێرپۆرت زنجیرەیەکی کۆمێدی-ئەکشنە , لەم زنجیرەیە سەرجەم ئاژەڵەکان تەنانەت (ئەسپی ئاو/هیپۆ)ش دەتوانێت بفڕێت. برایانی هێر کە پێکدێن لە (نێد) و( فرێد) ئەوانیش دەتوانن بفڕن, بەڵام ئەوان ئەو نیعمەتەیان نییە کە زۆربەی بوونەوەرەکانی تر هەیانە. نێد و فرێد هەڕەشەن بۆ ئاسمان, بە خۆشیان ئەو ڕاستیە دەزانن , بەتایبەتی (نێد).  بۆیە ئەوان دووەم باشترین کار ئەنجام دەدەن , بڕیار دەدەن فرۆکەخانەیەک بەڕێوە ببەن. هەرچەندە ئەوان بە ڕێکەوت دەستیان بەم کارە کرد بەڵام ئەم دوو برایە خۆیان لەناو جەرگەی نمایشێکی بێکۆتایی بوونەوەرە فڕیوەکان دەبیننەوە, ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی یەکجار گەورەیە. بەڵام (نێد) دەیەوێ ئەم کارە بۆ (فرێد)ی برای جێبهێڵێت تاوەکو کاتێک بۆ خۆی تەرخان بکات بە خۆشی بژیت و بیر لە دەستپێشخەری نوێ بکات لبۆ ئەوەی شوێنەکە بکاتە شوێنێکی خۆشتر بۆ حەسانەوە.

سێرکە گەشتیاریەکەی تۆبی
سێرکە گەشتیاریەکەی تۆبی

با لەگەڵ تۆبی فێر بین چۆن شتە مەحاڵەکان بکەینە شتی دەستەبەرکراو.

با بەیەکەوە بینەری گەشتە پڕ لە سەرگەرمی و ترسناک و موچڕک هێنەری سێرکە گەشتیاریەکە بین.

تۆبی و هاورێکانی دەبنە میوانمان و لەهەر ئەڵقەیەک کۆمەڵێک نمایشی جوان پێشکەش دەکەن.

جارێکی تر بۆمان دەسەلمێنن کە کاری بە کۆمەڵ ومتمانە بە خۆ بوون یارمەتیمان دەدەن بۆ سەرکەوتن.

گەشتە سەرکێشیەکانی تین تین
گەشتە سەرکێشیەکانی تین تین

بینەری تین تین بن بۆ ئەوەی بەشداربن لە گەشتە پڕ لە سەرکێشیەکانی,

گەشتەکانی تین تین سەرسوڕهێنەر و پڕ لە نهێنی ومەترسیدارن.

لەگەڵ پەیامنێرە گەنجەکە و سەگە بە وەفاکەی (سنۆوی) گەشتەکەت دەست پێبکە تاوەکو لە ناوچەی تیبت بتبەنە سەر مانگ,

یاخود لە وڵاتی میسر بتبەنە نێو قوڵایی دەریاکان و گرێ ئاڵۆزەکان بکەنەوە و بەدوای ڕاستی و دادپەروەری بگەڕێن و گرەو بە ژیانی خۆیان بکەن.

تاقیگەکەی دێکستەر
تاقیگەکەی دێکستەر

گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی کوڕێکی بلیمەت وخوشکە بێزارکەرەکەیە.

دێکستەر کوڕێکی بلیمەتە, لە یەکێک لە ژوورەکان تاقیگەیەکی نهێنی هەیە.

دایک و باوکی بەو بابەتە نازانن, بەڵام خوشکە گەورەکەی (دی دی ) ئاگادارە.

ئەوان کارێکی گەمژانەی خەیاڵی زانستی ئەنجام دەدەن.

شانۆی ئیزۆپ
شانۆی ئیزۆپ

بنج و بنەوانی شانۆی ئیزۆپ بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. شانۆگەریەکانی ئیزۆپ کۆنترین و بەناوبانگترین چیرۆکەکانە لە جیهان.

لە سەردەمی ئێستاماندا بە خۆشەویستیەکی زۆرە ئەم شانۆگەریانە وەک زنجیرەیەکی ئەنیمەیشن زیندو کراوەتەوە. لەو ڤێرشنەدا, ئیزۆپ گورگێکی مەترسیدار نیە, بەڵکو وەک سەرکردەی گروپێکی شانۆیی گەڕۆک دەردەکەوێت.

ئیزۆپ چیرۆکی ئەو شانۆگەریانە دەنووسێتەوە کە بڕیارە لە گەشتەکانیان بۆ شار و شارۆچکەکان نمایشی بکەن, هەر خۆی کاری دەرهێنان بۆ شانۆگەریەکان دەکات. لە نێو گروپەکەیدا ڕێویەک هەیە بە ناوی ( لیبیت ).

ئەستێرەکەی لاورا
ئەستێرەکەی لاورا

لاورا کچێکی گوندنشینی تەمەن حەوت ساڵەیە لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە شارێکی گەورە.

لە یەکەمین شەو لە ماڵە تازەکەیان لە شارەکە, چاوی بە ئەستێرەیەک دەکەوێت دەڕژێتە سەر زەوی. لاورا ئەستێرەکە لە یەکێک لە پارکەکان دەدۆزێتەوە بۆی دەردەکەوێت کە بوونەورێکی زیندووە.  لە کاتی نیشتنەوەیدا, ئەستێرەکە یەکێک لە خاڵەکانی خۆی لە دەست دەدات.

لاورا ئەستێرەکە دەباتە ماڵەوە بۆ ئەوەی خاڵەکە بلکێنێتەوە بە ئەستێرەکە.

سەنفورەکان
سەنفورەکان

ئا ئەوانە خۆیانن, ئەو پاڵەوانانەی کە تەنها منداڵە ژیکەڵە و نازدارەکان دەتوانن سەیریان بکەن. ئەوان سەنفورەکانن.

پاڵەوانکانی ئێمە یەکتریان زۆر خۆش دەوێت. لە چەند شوێنێکی نهێنی و خەندە ئامێزی ناو دارستانەکە دەژین.

ئەگەرچی ئەوان زۆر جار دەکەونە تەڵەی دوژمنەکەیان کە ناوی شەرشەبیلە,

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین یاری سەیر و سەمەرە ئەنجام دەدەن.

سپۆنج بۆب سکوێرپانتس
سپۆنج بۆب سکوێرپانتس

پێتان چۆنە بەشداری گەشتە پڕ لە سەرکێشی و سەرگەرمیەکانی سپۆنج بۆب و هاوڕێکانی ( پاتریک ) و ( سکوەیدوارد ) و _میستەر کراب) و (ساندی ) و (پلانکتۆن ) بکەین کە هەموویان لە شارۆچکەی بیکینی , لە ناوەڕاستی ئۆقیانووسی هێمن و باشووری گورگەی بیکینی دەژین؟

میک میک
میک میک

میک میک باڵندەیەکە لەسەر زەوی زۆر بە خێرایی ڕادەکات. چەقەلێک بەردەوام هەوڵ دەدات بیگرێت و بیخوات, بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.

چەقەلەکە لە جیاتی ئەوەی وەک ئاژەڵێکی فێڵباز فێلەکانی خۆی بەکار بهێنێت, پەنا بۆ ئامێر و پلانی ورد و ئاڵۆزی بێ بنەما دەبات بۆ ئەوەی نێچیرەکەی ڕاو بکات.

سەرجەم هەوڵەکانی مام چەقەل نوشست دەهێنێت و بەردەوام دەرەنجامەکان خەندە ئامێز و جێگەی پێکەنینە, زۆر جاریش ئازار بە خۆی دەگەیەنێت.

یاساکانی ئەنجیلۆ
یاساکانی ئەنجیلۆ

ئەنجیلۆ ئەو کوڕەیە کە هەوڵ دەدات ببێتە کەسێکی ژیر. بەردەوام پلانی ستراتیژی دادەڕێژێت بۆ ئەوەی دوور بێت لە کێشە. ئەنجیلۆ مکوڕە لەوەی کە هیچ شتێک نەبێتە کۆسپ و تەگەرەی سەر رێگای کاروانەکەی, ئەو ئامادەیە ڕووبەڕووی هەموو ئالەنگاریەک ببێتەوە.

ئەنجیلۆ لەو سەرکۆنە کردنە سروشتیانە بێزار نابێت کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە, وەک دایک و باوک و خوشک و برا و یاسا و ڕێساکان, ئەم بابەتانە بە هیچ شێوەیەک ڕێگری لەو ناکەن. ئەنجیلۆ دوو هاوڕێی زۆر  دانشمەندی هەیە کە بە ڕاستی زیرەکن لە دانانی پلانی ستراتیژی,  (شێروود – پاشا لۆجستیەکە) و (لۆلا – خوێنگەرمە  زلەکە) هاوڕێی ئەنجیلۆن.

پۆکاهانتەس
پۆکاهانتەس

سەربازێکی ئینگلیزی و کچی سەرۆک هۆزێکی ئەلگۆنکوین بە ناو ئەزموونێکی ڕۆمانسی گوزەر دەکەن. ئەم چیرۆکە ئەوکاتە ڕوو دەدات کاتێک داگیرکەرە ئینگلیزەکان لە سەدەی حەڤدەهەم پەلاماری ڤێرجینیا دەدەن.

هێرشی پلانکتۆنەکان
هێرشی پلانکتۆنەکان

کاپتن جۆن سی ستار لەگەڵ دکتۆرە ئانا مێدوسا و عەریف پەلپۆ کالاماراس چەند بوونەوەرێکی دەریایی بچووکن و گرێی ناپلیۆنیان هەیە. ئەرکیان گەرمکردنی هەسارەکەمان و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان و داپۆشینی سەر زەویە بە ئاو تاوەکو پلانکتۆنەکان بتوانن هێرشەکەیان ئەنجام بدەن. وێرای ئەوەی کە ئەمانە زۆر زیرەک و پڕ زانیارین, بەڵام ڕێکخراو نین, لەسەرووی هەموو ئەمانەش قەبارەیان زۆر گەورە نییە.

لە هەر ئەڵقەیەکدا ئەم سێ کەسایەتیە بە ئەرکێک دەردەچن و سەرجەم بابەتەکانیان پەیوەندیان بە ژینگەوە هەیە.  فیلمی هێرشی پلانکتۆنەکان بە شێوازێکی زۆر کۆمیدی و خەندە ئامێز باس لە گۆڕانی پلەی گەرمی زەوی دەکات .

پێنگوینەکانی مەدەغەشقەر
پێنگوینەکانی مەدەغەشقەر

بۆ زۆربەمان (سکیپەر) و (کۆوالسکی) و(ریکۆ) و(پڕایڤەیت) چوار پێنگوینی جوانن لە باخچەی سێنتراڵ پارک دەژین. ئەمە ڕیک ئەو شتەیە کە پێنگوینەکان دەیانەوێ خەڵکەکە بیزانن, بۆچی؟ چونکە ئەم پێنگوینە ئارامانە لە ڕاستیدا هێزێکی هەڵبژێردراون کە تواناو لێهاتووییان هاوشێوەی هێزی کۆماندۆیە و بارەگایەکی نهێنیشیان هەیە.

ئەرکیان چییە؟ ئەرکیان پاراستنی باخچەی ئاژەڵان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک.

دوژمنیان کێ یە؟ دوژمنیان جولیان پاشای هاوسێیە ڕەزا قورسەکەیە کە تازە  هاتۆتە ئەم شوێنە. ئەو ئاهەنگەی لە باخچەی ئاژەڵان ئەنجام دەدرێت شتێکی نوێیە, پاشای لیمۆرەکان سازی داوە بۆ ئەوەی خۆی وەک پاشای ناوچەکە بناسێنێت, نیازی هەیە زۆر شت بگۆڕێت.

پابلۆ رێویە سوورە بچووکەکە
پابلۆ رێویە سوورە بچووکەکە

شارەکەمان پڕ بووە لە ڕێوی.

چی ڕوو دەدات ئەگەر دڕندەترین و ئازاترین ڕێوی جیهان گوندەکان جێبهێڵن و ڕوو لە شارە نامۆ و مەترسیدارەکەمان بکەن؟

با بچینە لای پابلۆی فزوڵی و پڕ لە جوڵە بۆ ئەوەی بەشدار بین لەو گەشتەی کە تیایدا پابلۆ  ڕێبەرایەتی (پەمپکین)ی برای و (پاپی)ی خوشکی دەکات لە گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی بۆ ناو شارە تازەکەیان.

کانیاوەکەی ئۆسکار
کانیاوەکەی ئۆسکار

پاڵەوانەکەمان ناوی ئۆسکارە. ئۆسکار مارمێلکەیە لە بیابان دەژی, هێلکە خواردنی دڵخوازی خۆی و هاوڕێکانیەتی.

هەرچەندە ئەوان هەندێکجار دەمەقاڵەیان دەبێت, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوداوی خۆش بەرپا دەکەن.

(پۆپ) و (هارچی) و (بەک) و مریشکەکان و تیمساحەکان دەژمنی هەرە سەرەکین. بەڵام هەندێ کات ئۆسکار هەمان کێشەی لەگەڵ چۆپی و بەک و هارچی دەبێت و دواتر دەبنە هاوڕێ.