ئەتەوێ (ووسیوات) بناسیت؟
ووسیوات گەمژەترین پشیلەیە, ئێمە دڵنیایین کە تاوەکو ئێستا گەمژەی وەک ئەوت نەبینیوە.
ئەم پشیلە و هاوڕێکانی کۆمەڵێک گەشتی پڕ لە سەرکێشی ئەنجام دەدەن و خەندەیەکی زۆر دەخەنە سەر لێوانی ئێوە و خێزانەکانتان.
ووسیوات لە هەڵەکردن ناترسێت چونکە لە ڕێگەی هەڵەکان فێری ڕاستیەکان دەبێت.
(تیمی) و هاوڕێکانی فێرمان دەکەن چۆن لە ڕێگەی کاری بە کۆمەڵ زاڵ بین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان. لە تەواوی ئەم وەرزە, دەبینین کە چۆن (تیمی) و هاوڕێکانی پێویستە بەشداری بە هاوڕێکانی بکەن و هەروەها هاوڕێی نوێ بدۆزنەوە, لە هەمووشیان گرینگتر چاوپۆشی لە هەڵەکانیان بکەن.
(تیمی) و هاوڕێکانی لەگەڵ دوو کوندەپەپو بەناوەکانی (هارییت) و (ئۆزبۆرن) گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی نوێ ئەنجام دەدەن.
ئەوان چاوەڕوانی ئێمە دەکەن تاکو بەشدار بین لە گەشتەکەیان. کەواتە دەی با بڕۆینە لای ئەم هاوڕێ ئازیزانە.
ورچێک, کە پێشتر لە سێرک کاری دەکرد و ئێستا خانەنشینە, دەچێتە دارستانێک بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێکی نوێ بکات و بە ئاشتی و ئارامی لەناو دارستاکە بژیت. لەناو دارستانەکە بە کچێکی بچووک ئاشنا دەبێت بە ناوی ( ماشا ). ئەم کچە حەزی لە گەشتی پڕ لە سەرکێشیە.
(ماشا) کچێکی بچکۆڵانەی چاڵاکە, ناتوانێت لە شوێنێک دانیشێت و ئۆقرەی نیە, بە خۆی سەرجەم کارەکان ئەنجام دەدات. ورچەکەش زۆر گەورە و زەبەلاحە, حەزی لە ئارامی و بێدەنگیە,بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە چاوەڕوانە (ماشا) گەشتێکی دیکەی پڕ لە سەرگەرمی ئەنجام بدات و ئەویش بەشدار بکات.
(نیکیل)ی فێڵباز و قارەمان کە هەرگیز وەستانی نییە پرسیار لە (گەوەز) ی کەمێک تەوەزل و کەمێک سادە دەکات, لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە ئاگادارین پرسیارەکان وەک پرتەی زمان و مەتەڵ وان.
مشتومڕێکی بەردەوام لە نێوان ئەم دوو کارەکتەرە هەیە, لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات دۆستایەتی نێوانیان بەهێزتر دەبێت.
لە هەر ئەڵقەیەک گەشتێکی پڕ لە سەرگەرمی نوێ و پاڵەوانی نوێمان دەبێت.
هاوڕێیان و دایک و باوکانی ئازیز, باشترین بەشی ئەم زنجیرە کارتۆنە ئەوەیە, تەواوی کارەکە بەرهەمی خۆمانە. دەبا بزانین ئێوەش بە قەد ئێمە چێژی لێوەردەگرن!
پێنج هاوڕێ بە ناوەکانی ( گیمگیم) و ( زینکا ) و ( لۆتێ ) و ( پێنۆ ) و ( سمۆرە ) لە دارستانێک دەژین. هەندێک جار کێشەیان لەگەڵ یەکتر دەبێت, بەڵام کێشەکانیان گەورە نییە.
ڕۆژانە ڕووبەڕووی کێشەی جیاواز دەبنەوە, بەڵام سوپاس بۆ کاری بە کۆمەڵ و ڕێزگرتن و خۆشەویستی نێوانیان کە وادەکات کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.
لێرەوە, ئەم بەرنامەش جارێکی تر پێمان دەڵێت, ئەگەر لەگەڵ هاوڕێکانمان بە یەکەوە کار بکەین و یارمەتی یەکتر بدەین ئەوا دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.
(پییا) یەکەمین بەرهەمی ئەنیمەیشنی کوردیە کە بە شێوەی 3D کەناڵی Zarok TV بەرهەمی هێناوە.
هاوڕێ تازەکانمان (لیچۆ قۆقۆ) و (نەقورێ) و( عەلۆ و قازێ) بە خۆشی لە شوێنێک دەژین بەناوی (پێنیک). بەڵام تەمەنی خۆشبەختیەکەیان کورتە چونکە تاکە مەبەستی (سینگستار ) بێزارکردنی ئەم ئازیزانەیە, هەر بۆیە بڕیار دەدات سەردانیان بکات.
ڕۆژێکیان (سینگستار) , کە لە ناوچەیەکی بەردینی بەرزی ناو دارستانەکە دەژیت, دەچێتە ( پێنیک) بۆ ئەوەی هاوڕێ خۆشەویستەکانمان بترسێنێت, بەڵام (لیچۆ) زۆر ئازایە.
سەرجەم دانیشتوانانی (پێنیک) لە ڕووی (سینگستار) دەوەستنەوە. بینەوبەردەی مەترسیدار لە نێوانیان ڕوودەدات.
لە کۆتاییدا (سینگستار) داوای لێبوردن دەکات لەوەی کە دانیشتوانی (پێنیک)ی بێزار کرد.